
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من.
لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هەژماری من حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 ەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەژماری بانکییان لە کوردستان هەیە، لە کەمتر لە 5%ەوە بووە بە زیاتر لە 15%. هەروەها پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری ڕاکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران. پارە دانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، کە بەم هۆیەوە، قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت.
تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە، ئەمەش هەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا ڕەخساندووە و ڕێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە. دەستڕاگەیشتن بە متمانەی بانکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان و تازە دەستپێکردووەکان، زۆر گرنگە.

