25.5 C
Chicago
حوزه‌یران 13, 2026
rasr.press

غالب دەیەوێ ببێتە ترێند!

بەهرە محەمەد

​شەوی یەکشەممە لە تیڤی پەیام دیمانەیەک لەگەڵ دکتۆر غالبی ئەندام پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، ئەوەی جێی سەرنج و ڕەخنە بوو ئەوە بوو کاکی ئەندام پەرلەمان بەم ئاستە نزم و بێ بەڵگەیە قسەی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و قەوارە سیاسییەکەی دەکرد.

​ئەوەی ئەم غالیبەی نەناسیبوایە کە ئەندامی پەرلەمانە لە لیستی هەڵوێست، وایدەزانی ئەندامی پەرلەمانە لە لیستی ڕەیان کلدانی یاخود قەیس خەزعلی، چونکە وتەکانی هیچ جیاوازتر نەبوو لەگەڵ ئەم شوڤینیانەی کە دژ بە هەرێمی کوردستان و پێگەی کورد بەردەوام لێدوان دەدەن و لە هەوڵی بچوککردنەوەی پێگەی هەرێمدان. لە هەمووشی خراپتر دکتۆر غالب خۆشی بە کورد دەزانێت و لەسەر حسابی هەرێمی کوردستانیش نوێنەری پەرلەمانە، ئەوەی ئەم دیمانەیەی بینیبێت تێدەگات کە غالیب خەون بە نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبینێت و کار بۆ ئەوە دەکات کە ناوەند حوکمی ئەم هەرێمە بکات.

​لەمەش کارەساتتر ئەوەیە غالب بە زمانێک قسەی دەکرد پڕ بوو لە تەشیرکردن بە هەرێمی کوردستان و سیمبولە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە. دەبوو ئەم بەرنامەیەش لە دوای کاتژمێر ١٢ی شەو پێشکەش کرابوایە، بۆ ئەوەی کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بەسەر نەوەی تازە و تازەپێگەیشتووانەوە نەبێت، چونکە بەپێی تیۆری چاندنی کلتوری، بەشێک لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە فێری کلتور و زمانی زبر دەبن و دواتریش لە کۆمەڵگەدا پەیرەوی دەکەن.

​کۆمەڵگەی کوردی ماندووە بەدەست ئەم شێوازە دەربڕینانە و میدیای بێ بەرپرسیارییەتی، چونکە دواجار خەڵک باجی ئەم هەڵە گەورانە دەدەن. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم گوتارە پۆپۆلیستییانە ئەوەیە کە خەڵک بێهیوادەکەن و جۆرێک لە فەوزا دروست دەکەن، دواتریش دەردەکەوێت ئەوان ئامانجی تایبەتییان هەیە تا لەو ڕێگەیەوە بەشداربن لە دەسەڵات؛ بە کوردییەکەی هەموو شینەکە بۆ هەریسەکەیە.

​دکتۆر غالب بێ ئاگایە لەوەی ئەو نوێنەرە لە بەغدا، ئەگەر ڕاستیش دەکات با بچێت لەو شوێنەی خەونی پێوە دەبینێ ڕەخنەیەک لە گروپە چەکدارەکان و نەیارانی کورد بگرێت، بزانن چۆن ڕاوی دەنێن و دێتەوە باوەشی شارە حەیاتەکە. لە بەشێکی تری دیمانەکەی باسی حکومەتی هەرێم دەکات، خۆزگە جەنابیان بەدواداچوونێکی بۆ ئەو مافە دەستوریانە دەکرد کە لە عێراقدا پێشێلکراون و دژی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پیلان دادەڕێژرێت، یاخود دژی ئەو گروپانە قسەی دەکرد کە ڕۆژانە هەرێم درۆن باران دەکەن، بەڵام دڵنیابن غالب ئەم بەرگرییە لە هەرێم ناکات چونکە خەون بە لاوازبوونی دەبینێ.

​جەنابی غالب، ئەم هەرێمە بە قوربانیدانی هەزاران شەهید دروست بووە و لە ئێستاشدا تاکە هیوای هەموو کوردێکە لە جیهاندا، هەروەها فریادڕەس و پاڵپشتی گەورەی کوردانی پارچەکانی تری کوردستانە.

​لە بەشێکی تری دیمانەکەی غالب محمەد بێ ئەوەی بزانێ چ هەوڵێکی گەورە دراوە بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیە ئەو ئازادییەی ئەو بەبێ پەردە لەسەر شاشە قسەی پێ دەکات، بەرهەمی ئەو خەبات و ئاوەدانییەیە کە هەیە. کێشەی غالب ئەوەیە کە هەرێم وەک قەوارە بوونی هەیە، چونکە ئەو خەون بەوە دەبینێ هەرێم ببێتە ناوچەیەکی پەراوێزخراوی وەک “مەدینە سەورە”ی بەغدا، کە تا ئێستاش خزمەتگوزاری سەرەتایی تێدا نییە و لە هیچ ناوچەیەکی هەرێم ناچێت.

​بەپێی ئاوازی جەنابت وا دەردەکەوێت بە بڕیاری لایەنێک ئاراستەکرابیت، بەڵام بێ ئاگای لەوەی ناسنامەی نیشتمانی بە بڕیار و هاشوهوش دروست نەبووە، بەڵکو ڕێبازێکی پیرۆزە. حزبێک کە قوربانی بە گیانی ڕۆڵەکانی دابێت جیاوازە لەگەڵ حزبێکی تازە کە بیەوێت بە ناوهێنانی کەسایەتییەکان خۆی بکا بە مەوزوع.

​غالبی بەرەی هەڵوێست هەموو کێشەیەکی ئەم هەرێمەی لە مووچەدا کورتکردۆتەوە و پێی وایە دەبێت هەرێم هەموو سزاو دژایەتییەکی بەغدا قبوڵ بکات، ئەمەش بێویژدانییەکی گەورەیە. ئێمەی کورد خەونی گەورەترمان هەیە؛ هەموومان لەگەڵ باشتربوونی دۆخی دارایی و مووچەین، بەڵام ئەمە نابێت لەسەر حیسابی بچووککردنەوەی پێگەی هەرێم بێت. ئەم پەرتەوازەییەی کورد لە بەغدا دەرئەنجامی خراپی دەبێت و تا بەم عەقڵییەتە بیربکرێتەوە، پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز نابێت.

ئەمانەش هەن

حووسیەکان وەڵامی ئەمەریکایان دایەوە

hakar

بەم ھەواڵە ئێران کەمێک دڵ و دەروونی ئارام دەبێتەوە و دەحەسێتەوە

hakar

هەواڵێکی بەپەلە لە بەغداوە لەبارەی مووچەی مانگی حەوت

hakar